کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ناوخۆی پاکستان: نامەیەکم بۆ موجتەبا خامنەیی پێیە

14:26 - 17 جۆزەردان 2726

مۆحسن نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، ڕۆژی شەممە گەیشتە تاران و لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەسکەندەر مۆئمێنی، وەزیری ناوخۆی ئێران، ڕایگەیاند کە نامەیەکی تایبەتی لەلایەن بەرپرسانی باڵای پاکستانەوە بۆ موجتەبا خامنەیی پێیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی ڕاوێژکارییە دوولایەنەکاندا ئەنجام دراوە، و نەقەوی پێشتریش لەم حەفتەیەدا دوو جار لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆ ببووەوە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە هەوڵەکان بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان بەردەوامن، بەڵام پرۆسەی گفتوگۆکان لە حەفتەکانی ڕابردوودا تووشی بنبەست بووە.

نەقەوی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئێران وتی، نامەیەکی لەلایەن عاسم مونیر، فەرماندەی سپای پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەوە، سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە پێیە. ئەو ورده‌کاریی زیاتری نەخستەڕوو، بەڵام پەیامەکەی بە "گرنگ" وەسف کرد و هیوای خواست کە بارودۆخەکە بە باشی بچێتە پێشەوە.

هەروەها وتیشی، ئیسلام‌ئاباد هیوادارە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕێگەی هەوڵە دیپلۆماتییەکانەوە کەم ببنەوە.

مۆحسن نەقەوی پێشتریش لە مانگی ڕابردوودا سەردانی ئێرانی کردبوو و دوای ئەویش فەرماندەی سپای پاکستان سەردانی تارانی کرد. بە وتەی میدیا ئێرانییەکان، ئەم دیدارانە لە قۆناغێکدا یارمەتیدەری پێشڤەچوونی دانوستانەکان بوون، بەڵام زیادبوونی گرژییە ناوچەییەکان پرۆسەی گفتوگۆکانی ڕاگرتووە.

سەردانە نوێیەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ تاران، پێشبینی و گومانەکان لەسەر هەوڵەکانی ئیسلام‌ئاباد بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی دانوستانەکانی زیاد کردووە، هەرچەندە هێشتا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر تەوەری گفتوگۆکان بڵاو نەکراوەتەوە.