کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی شی جین‌پینگ بۆ پیۆنگیانگ، کیم جۆنگ ئون هەڵوێستێکی بەهێزتر و ئاڵۆزتر دەگرێتە بەر

14:27 - 17 جۆزەردان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕویتێرز، کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆرەی باکوور، لە بەرەبەری سەردانەکەی شی جین‌پینگ، سەرۆککۆماری چین بۆ پیۆنگیانگ، بە پشتبەستن بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیە و کۆگای چەکە ئەتۆمییەکانی و کەمبوونەوەی مەیلی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنگتۆن، لە پێگەیەکی بەهێزتردا وەستاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم سەردانە دوو ڕۆژییە کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە دەست پێبکات، یەکەم سەردانی شی جین‌پینگە بۆ کۆرەی باکوور لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، و وەک بەشێک لە هەوڵەکانی پێکەن بۆ گەڕاندنەوەی پیۆنگیانگ بۆ ناو بازنەی هێژموونیی ئابووری و دیپلۆماسیی چین دەنرخێنرێت.

کیم جۆنگ ئون لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییە سەربازی و بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ مۆسکۆ پەرە پێداوە، و بە ناردنی هێز بۆ پشتگیریکردنی ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرایندا، پێگەی خۆی بەهێزتر کردووە. کۆرەی باکوور لەم ماوەیەدا بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی پەرە پێداوە و بە شێوەیەکی ئاشکرا جەختی لەسەر پێگەی خۆی وەک "هێزێکی ئەتۆمی" کردووەتەوە.

لەم نێوەندەدا، شرۆڤەکاران دەڵێن کۆرەی باکوور سەرەڕای پشتبەستنی ئابووری بە چین، هەوڵی داوە ڕێگری لە پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە پێکەن بکات و ڕووسیەی وەک هاوسەنگییەکی نوێ لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا هێناوەتە ناو هاوکێشەکەوە.

بە وتەی شارەزایان، ئەم دۆخە دەکرێت ڕێگە بە پیۆنگیانگ بدات هاوکارییە ئابوورییەکانی لەگەڵ چین زیاد بکات، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەر دەستکەوتێکی بەرجەستەی ئەم دیدارە ئەگەری زۆرە تیشک بخاتە سەر هاوکارییە ئابوورییەکان، چونکە کۆرەی باکوور لە ئێستادا خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکی گەشەپێدانی پێنج ساڵەیە کە گەشەپێدانی گەشتیاری و پەرەپێدانی ژێرخانی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت.

کۆرەی باکوور دوای پەتای کۆرۆنا سنوورەکانی خۆی بەڕووی گەشتیارانی بیانییدا داخستبوو، بەڵام پێش ئەوە، گەشتیارانی چینی بەشێکی سەرەکیی پیشەسازیی گەشتیاریی ئەو وڵاتەیان پێکدەهێنا.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کیم جۆنگ ئون بە بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، پەیامێکی ڕوونی سەبارەت بە بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی پیۆنگیانگ ناردووە و ڕێبازێکی هێرشبەرانەتری لە سیاسەتی دەرەوەیدا گرتووەتە بەر.