کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی: ترامپ بۆ ڕێککەوتنێکی "خراپ" لەگەڵ ئێران پەلە ناکات

14:30 - 17 جۆزەردان 2726

ئانا کێلی، جێگری وتەبێژی ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کاتی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران " بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خراپ پەلە ناکات ".

ئەو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەرنامەی "فۆکس نیوز لایڤ" (Fox News Live) وتی: "سەرۆککۆمار بۆ ڕێککەوتنێکی خراپ پەلە ناکات و هێڵی سووری ئەو ئەوەیە کە نابێت ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات."

کێلی زیادی کرد: "ئەوان ناتوانن ئۆرانیۆمی پیتێنراو بپارێزن کە بتوانێت بە خێرایی پەرە بە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات. بۆیە ئەمریکییەکان دەتوانن دڵنیا بن کە هەر ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەبێت و لە کورتخایەن و درێژخایەندا ئاسایشی نیشتمانیمان دەپارێزێت."

بە وتەی ئەو، ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ڕادارییەکانی ئێران و بەردەوامیی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان، گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان.