وەحید ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە هیچ ئاگربەستێک لە نێوان تاران و واشنگتۆندا بوونی نییە و هەر چەشنە هەڵەیەکی حیسابکاری، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
ئەحمەدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا، ئیسرائیل و دەوڵەتی لوبنان بە پاڵپشتیی لایەنی عەرەبی دەیانەوێت دۆسییەی لوبنان جیا بکەنەوە تا گوشار بخەنە سەر حیزبوڵڵا و چەکەکەی داماڵن.
ناوبراو ئیدیعای کرد کە ئەرتەشی فەرمیی لوبنان تەنانەت یەک ڕۆژیش ناتوانێت لە بەرامبەر ئیسرائیلدا ڕابوەستێت.
ئەم نۆینەرەی مەجلیسی ڕێژیم تیشکی خستە سەر پێکدادانەکانی کەنداو و وتی: "ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە دۆخی ڕاگرتنی کاتیی شەڕداین، نەک ئاگربەست؛ واشنگتۆن بەهۆی شکستی مەیدانییەوە ڕووی لە گەمارۆی دەریایی کردووە."
ئەحمەدی لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ هەیە و کۆماری ئیسلامی بە کەرەستە و چەکی نوێی سەربازییەوە کە لەڕێدان، لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا دەوەستێتەوە.