بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی جۆزەردان، ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی بەرفراواندا، چەندین بنکەی سەربازیی ڕێژیمی ئێرانی کردە ئامانج. ئەم هێرشانە دوای ئەوە بوون کە تاران بە هاویشتنی چەند شەپۆلێک مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل، ئاگربەستە کاتییەکەی پێشێل کرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە کاتژمێر ٤:٣٩ تا ٤:٤٥ی بەرەبەیان، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە پارێزگاکانی تاران، ئێسفەهان، تەورێز، ورمێ، کەرەج و قوروە لە پارێزگای سنە بیستراوە کە بووەتە هۆی لەرینەوەی پەنجەرەی ماڵەکان.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانیان فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تارانیان پێکاوە. هاوکات جێگری ئەمنییەتی پارێزگاری ئێسفەهانیش پشتڕاستی کردەوە کە خاڵێک لە شاری نەجەفاوا کراوەتە ئامانج. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکان بنکەکانی سپای پاسدارانیان لە شیراز و کرماشان گرتووەتەوە.
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندبوو هێرشە مووشەکییەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل، وڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی تێلاڤیڤ بۆ سەر لوبنان، بەڵام ئێستا دۆخی ناوچەکە بە تەواوی بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ڕۆیشتووە.