هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە سەرەڕای پەرەسەندنی هیواکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە شەڕی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئەمریکادا، هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز هێشتا بەردەوامە.
بەپێی ئامارەکانی "ئەنستیتۆی واشنگتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک"، تەنیا لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگی نۆڤامبردا لانیکەم ١٠ کەشتی لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییەدا کراونەتە ئامانج.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی هێرشەکان لە مانگی ئۆکتۆبردا گەیشتبووە ٣٧ حاڵەت، کە بەرزترین ئاماری مانگانە بووە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە تا ئێستا.
وێنە پشتڕاستکراوەکانی ڕۆیتێرز، ئاگرکەوتنەوە لە نەوتهەڵگرێکی سەر بە کۆمپانیای "نەڤیگەیت" لە نزیک کەناراوەکانی عومان نیشان دەدەن. هاوکات وێنە ماهوارەییەکانیش دزەکردنی بڕێکی زۆر نەوتیان لە ئاوەکانی عومان و ئێمارات تۆمار کردووە و گرتە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە نەوت گەیشتووەتە کەناراوەکانی عومان و کارەساتی ژینگەیی لێ کەوتووەتەوە.
پێشتریش سپای تێرۆریستیی پاسداران بەرپرسیارییەتیی هێرشکردنە سەر سێ نەوتهەڵگری لە ڕۆژی ١٧ی خەزەڵوەردا گرتبووە ئەستۆ و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەو کەشتییانە بە ڕێڕەوی نایاساییدا تێپەڕیون.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە تا ئێستا، ١٣٣ ڕووداوی هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە ناوچەکەدا تۆمار کراون کە لە ئاکامیاندا لانیکەم ٢٥ دەریاوان گیانیان لەدەست داوە.