بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی جۆزەردان، لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆمەڵگەی پیشەسازیی پێترۆشیمی "کاروون" لە شاری ماهشەهر کرایە ئامانج و زیانی پێگەیشت.
وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری ئەمنییەتی پارێزگاری خووزستان، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا نێوخۆییەکان ڕایگەیاند کە پێترۆشیمیی کاروون کەوتووەتە بەر "هێرشی ئاسمانی و پێكانی مووشەکەکان"ی ئیسرائیل و بەشێکی ئەم کارخانەیە تووشی زیان بووە، بەڵام ئیدیعای کرد کە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە. ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هیچ ئاماژەیەکی بە قەبارەی ڕاستەقینەی زیانە داراییەکان نەکردووە.
هاوكات، ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر دامەزراوە پیشەسازی و پێترۆکیمیاییەکانی ڕێژیمی ئێران لە باشووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە پشتڕاست کردەوە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل "چەندین ئامانجی جیاواز"یان لە کۆمەڵگەی پێترۆشیمیی ناوچەی ماهشەهر بە وردی پێکاوە.