حوسییەکان لە یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرشێکی مووشەکییان کردە سەر ئیسرائیل و هاتوچۆی کەشتییەکانی ئەو وڵاتەیان لە دەریای سووردا قەدەغە کرد.
حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: ''قەدەغەکردنی تەواو بۆ هاتوچۆی دەریایی ئیسرائیل ڕادەگەیەنین و لەمەودوا سەرجەم جووڵەکانی دوژمن وەک ئامانجی سەربازیی ڕەوا سەیر دەکەین.''
ئەمە یەکەم هێرشی مووشەکیی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکایە. پێشتر ئەرتەشی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە مووشەکێک لە یەمەنەوە هاویشتراوە ناسراوەتەوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی داوەتەوە.
حوسییەکان و حیزبوڵڵای لوبنان بەشێکن لە "مێحوەری موقاومەت" کە لەژێر فەرمانی کۆماری ئیسلامیدان.