ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی جۆزەردان، بە هاوبەشیی ژمارەیەک لە ڕێکخراوە مەدەنی و دێموکراتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ، کۆڕی یادەوەری و ڕێزگرتن بۆ شەهیدان "مەیسەم و موجتەبا وەیسی" بە ئامادەبوونی چالاکانی سیاسی، مەدەنی و نوێنەرانی لایەنە کوردستانییەکان بەڕێوە چوو.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد و ئامادەبووان خولەکێک بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان بە بێدەنگی ڕاوەستان.
ئەو دوو لاوە نیشتمانپەروەرە لە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە ناوچەی "خولەکەوش"ی داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران. ئامانجی کۆڕەکە بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە بوو.
لە کۆڕەکەدا پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، وتەی ئایینی، چەندین پەیامی هاوخەمیی کەسایەتییەکان و بەرهەمی هونەری، سروود و مەقام بە ئامێری تەموورە پێشکەش کران. لە کۆتاییدا ئامادەبووان جەختیان کردەوە خوێنی شەهیدان دەبێتە هەوێنی ئازادیی کوردستان.
ئەم کۆڕە لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە نۆروێژ، کۆمیتەی گشتیی کۆمەڵەی کولتووری کوردی لە نۆروێژ و کۆمەڵە کولتوورییەکانی ڕۆمەریکەی سەروو و خواروو ڕێک خرابوو.