لەگەڵ کرانەوەی بازاڕە جیهانییەکان لە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی جۆزەردان، نرخی نەوت بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و قووڵبوونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زیاتر لە ٣ لەسەد بەرز بووەوە.
هەواڵدەریی فەڕانسە ڕایگەیاند کە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ٣.٢٩ لەسەد هەڵکشاوە و گەیشتووەتە ٩٦ دۆلار و ١٥ سێنت بۆ هەر بەرمیلێک.
هاوکات نرخی نەوتی تێگزاسی ئەمریکا بە ڕێژەی ٣.٢٥ لەسەد بەرز بووەتەوە و بە ٩٣ دۆلار و ٤٨ سێنت مامەڵەی پێوە کراوە.
ئەم بازدانە کتوپڕە دوای ئەوە بوو کە ڕێژیمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە چەندین مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و پاشان ئیسرائیل پێگەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێو خاکی ئێرانی کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری، گوشارێکی قورسی خستووەتە سەر ئاگربەست و نیگەرانیی بازاڕە جیهانییەکانی لەسەر ئەمنییەتی دابینکردنی وزە و هێڵە دەریایییەکان بە توندی زیاد کردووە.