ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، فێستیڤاڵی ساڵانەی چاندی نەتەوەکان بە بەشداریی نزیک بە ٣٠ نەتەوەی جیاواز لە شاری "ئالبۆرگ"ی دانمارک بەڕێوەچوو و کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەش وەک باڵیۆزانی کولتووریی کوردستان بە جۆشێکی تایبەتەوە بەشدارییان تێدا کرد.
لەم فێستیڤاڵەدا، کەپری کوردستان لەلایەن ڕێکخراوی "ماڵی کوردی لە شاری ئالبۆرگ" ڕێک خرابوو؛ لە سەرەتادا بە خواردنە ڕەسەنە کوردەوارییەکان پێشوازی لە سەردانیکەران کرا و پاشان نمایشێکی ڕێکوپێک لە جلوبەرگی ڕەنگاڕەنگی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و هەڵپەڕکێی کوردی پێشکەش کرا کە سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
وێڕای نمایشکردنی جلوبەرگی ڕەسەن، چەندین کەلوپەلی فۆلکلۆری، ئامێرە مۆسیقاییەکان و هێما کولتوورییەکانی کوردستان دانرابوون و لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر مێژوو و چاند و ناسنامەی گەلی کورد بە نەتەوەکانی دیکە درا.