کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیشیاکانی ڕێژیم لە عێراق و یەمەن هەڕەشە لە واشنگتۆن و تێلاڤیڤ دەکەن

11:16 - 18 جۆزەردان 2726

گرووپە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی هێرشەکانیان چڕ کردووەتەوە و کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق هەڕەشەی کرد ئەگەر ئەمریکا دەستێوەردان لە ململانێی تاران و تێلاڤیڤ بكات، بنکەکانی دەکرێنە ئامانج.

ئەمەش کاتێکدایە ڕۆژنامەی "مەعاریۆ" دەڵێت هێرشەکانی ئیسرائیل بە هاواهەنگیی دەوڵەتی ترامپ بووە، هەرچەندە واشنگتۆن دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕەت کردووەتەوە.

هاوکات، حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و ڕێگری لە هاتوچۆی سەرجەم کەشتییەکانی سەر بەو وڵاتە لە دەریای سووردا دەکەن.

ئەو گرووپە تێرۆریستییە جەختی کردووەتەوە کە وڵامیان بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان زۆر توند دەبێت.

پێشتر ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە هێرشێکی مووشەکییان لەلایەن یەمەنەوە ناسیوەتەوە و سیستمەکانی بەرگری خەریکی بەرپەرچدانەوەین.

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا پێشتر لە تۆڕی ئێکس هۆشداریی دابوو ئەگەر حیزبوڵڵا مووشەک بەرەو ئیسرائیل بهاوێت، بنکەکانی لە زاحیەی بەیرووت بە توندی دەکرێنە ئامانج. ناوبراو نووسیبووی: "ئەمە پەیوەندیی بە ئێرانەوە نییە؛ هەمووان لەم ڕێژیمە سەرکێشەی ئێران بێزار بوون."

لە سەرەتای ئەم گرژییانەوە، تاقمە میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تاران لە عێراق و یەمەن، بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە بەرپرسیاریەتی سەدان هێرشیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەئەستۆ گرتووە.