کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵک‌ئاوەژۆی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ناوی خوێندکاران

11:24 - 18 جۆزەردان 2726

ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە شاری سەقز، بە ناوی خوێندکارانەوە چەندین پارچەنووسراوە و بەنێری گەورەیان دژی وڵاتی ئەمریکا لە چەندین شوێنی جیاواز و گشتیی شارەکەدا هەڵواسیوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی هێنانەئارای شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی توند لەنێو ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لەو شارەدا.

لەم پێوەندییەدا، چەندین مامۆستا و خوێندکاری نیشتمانپەروەری سەقزی ناوەڕۆکی ئەو پلاکاردانەیان بە توندی ڕەت کردەوە و لە پەیامێکدا ڕایانگەیاند کە هیچ خوێندکار، قوتابی و مامۆستایەک لەم کارە چەواشەکارانەیە ئاگادار نییە و ڕێگاش نادەن ناوەندە ئەمنییەکان مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری بشێوێنن.

ئەوان جەختیان کردەوە کە ئەمە تەنیا کەڵکئاوەژۆوەرگرتنی ناڕەوا و پێشوەختەی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای سەقزە لە ناوی ئەوان، چونکە خوێندکاران و مامۆستایان تەنیا دژی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرە و سیاسەتە چەوتەکانی دەوەستنەوە.

ئەم هەوڵە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توێژی خوێندکارانی بەشێکی سەرەکی لە ناڕەزایەتییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی ئەم ڕێژیمە بوون.