ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بۆ جارێکی دیکە کەمپی ئازادیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دڕۆنەکانی کۆماری ئیسلامی کرایە ئامانج.
کۆماری ئیسلامی لەم هێرشە نوێیەدا دوو دڕۆنی ئاراستەی کەمپی ئازادی کردووە.
کەمپی ئازادی، شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتە و لە دەستپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کراوەتە ئامانج.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١٣٤ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.
تیمی هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوی CPT لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە هەتا ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، سەرجەم ٧٥١ هێرش لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ١٩ی خاکەلێوەوە هەتا ٨ی جۆزەردانی ئەمساڵیش سەرجەم ١٠٤ هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە بوون.