کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: شەڕی نێوان تاران و تێلاڤیڤ چەند ڕۆژ بەردەوام دەبێت

14:26 - 18 جۆزەردان 2726

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دەیان فڕۆکەی شەڕکەری ئەو وڵاتە لە هێرشەکانی بەرەبەیانی دووشەممەدا، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان لە چەندین ناوچە بە تەواوی لەنێو بردووە.

"ئەفی دەفرین" ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامی بەم دواییانە ئەو تواناییە بەرگرییە ئاسمانییانەی بونیاد نابووەوە کە لە شەڕی ٤٠ ڕۆژەی ڕەشەمەی ڕابردوودا تێکشکابوون؛ بەڵام هێرشە نوێیەکەی ئیسرائیل سەرجەم ئەو سیستمەی تارانی دووبارە خاپوور کردەوە.

سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن بەهۆی تێکشکانی بەرگرییەکانی ئێران، ناوچەکانی ڕۆژاوای ئەو وڵاتە تا تاران بوونەتە ڕێگەیەکی "تەخت و بێ‌مەترسی" بۆ هێزە ئاسمانییەکانیان، بە شێوەیەک لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا نزیکەی ٢٠ هەزار هێرشی ئاسمانی بەبێ هیچ زیانێک ئەنجام داوە.

لە کاتێکدا تاران لەمبارەیەوە بێدەنگیی هەڵبژاردووە، ماڵپەڕی "والا نیوز" لە زاری وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە، هەڵسەنگاندنە ئەمنییەتییەکان پیشان دەدەن کە ئەم خولە نوێیەی هێرشە پێچەوانەکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، چەند ڕۆژێکی دیکە بەردەوام دەبێت.