کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی توندی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی

14:28 - 18 جۆزەردان 2726

لە درێژەی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان تێلاڤیڤ و تاران، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی جۆزەردان، ئەرتەشی ئیسرائیل لە وڵامی هێرشە مووشەکییەکانی پێشووی سپای پاسداران، دووبارە شەپۆلێکی چڕ و بەربڵاوی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر تاران و چەندین شاری گرنگی ڕۆژاوا، ناوەند و باشووری ئێران دەست پێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا و باشووری تاران بیستراوە.

هاوکات، زنجیرە تەقینەوەیەکی لەدوای یەک ناوچەکانی دەوروبەری پێتەختی وەک (ئیسلام‌شار، مەلارد و کەهریزەک)یان هەژاندووە و گەورەیی و بەربڵاوییەی هێرشەکان، تاران و دەوروبەری خستووەتە دۆخی ئامادەباشی و گرژیییەکی زۆرەوە.

هاوکات، هەواڵدەریی حکوومەتی مێهر ڕایگەیاند کە چەندین پێگەی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان کراونەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل.

لەلایەکی دیکەوە، "مەجید فەرشی" بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانی پارێزگای تەورێز، تەقینەوەی کاتژمێر ٥ی بەیانیی لە ناوەندێکی سەربازیی شاری تەورێز پشتڕاست کردەوە، هەرچەندە میدیا نێوخۆیییەکان پێشتر هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ئەو شارەیان ڕەت کردبووەوە.

هاوکات، میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئاشکرایان کرد کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران درێژە پێداوە و فڕۆکەخانەی شیرازیان کردووەتە ئامانج.

لە دوای هێرشە پێچەوانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە وڵامی هێرشەکانی سپای پاسداران، ٢٠ ئامانج لە نێوخۆی ئێران کراونەتە ئامانج.