کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ لێدانی تاران؛ ئیسرائیل ٩٠ پێگەی حیزبوڵڵای لە لوبنان بۆردومان کرد

14:30 - 18 جۆزەردان 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی بۆ سەر نێوخۆی ئێران، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە ٩٠ پێگەی ژێرخانی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لە لوبنان کردووەتە ئامانج.

لە ڕاپۆرتی فەرمیی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج پێکهاتوون لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و چەندین مەکۆی فەرماندەیی، کە بۆ پێشخستنی پلانە تێرۆریستییەکان بەکار دەهاتن.

هاوکات، سەکووەکانی هاویشتنی مووشەکی حیزبوڵڵاش بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسی لەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆردومان کراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە بە بڕیارێکی نەگۆڕەوە بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی بۆ لەنێوبردنی هەر چەشنە هەڕەشەیەک دژی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و لەم پێناوەشدا "لە هەر شوێنێک پێویست بێت" دەستێوەردان دەکات.

شایانی باسە ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە بە ئیسرائیلیشەوە، حیزبوڵڵای لوبنان وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسن و یەکیەتیی ئورووپاش باڵی سەربازیی ئەو گرووپەی خستووەتە لیستی ڕەشەوە.