کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای نوێی یەکیەتیی ئورووپا دژی ئێران بەهۆی داخستنی گەرووی هۆرمۆز

14:32 - 18 جۆزەردان 2726

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند، کە ئەم یەکیەتییە چەند کەس و دامەزراوەیەکی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەهۆی هەڕەشەکردن لە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و شڵەژاندنی هێڵە ئاوییەکان خستووەتە لیستی سزاکانییەوە.

"کایا کالاس" ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی یەکیەتیی ئورووپا لە قبرس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئازادیی کەشتیوانی بۆ ئورووپا "جێی دانوستان نییە" و وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا پێشتر ڕەزامەندییان لەسەر بەرفراوانکردنی سزاکان دژی ئێران نیشان داوە.

هێشتا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە سزایە نوێیەکانی یەکیەتیی ئورووپا دژی کۆماری ئیسلامی بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە یەکیەتیی ئورووپا بەهۆی تێکدانی ئەمنییەتی دەریاکانەوە سزا بەسەر تاراندا دەسەپێنێت؛ پێشتریش ئەم یەکیەتییە چەندین جار داوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هۆرمۆزی کردووە و پێشنیاری کردووە کە نێردەی دەریایی "ئاسپیدس" (Aspides) بە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ فەڕانەا و بریتانیا، ڕۆڵی سەرەکی لە پاککردنەوەی مینی ناو گەرووی هۆرمۆزدا بگێڕێت.

کایا کالاس ئاماژەی بەوەش کرد، نابێت دۆسییەی ئەتۆمی، مووشەکی و پشتگیرییەکانی تاران لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەدا پشتگوێ بخرێن.