"ئەفی دەفرین"، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) شەوی یەکشەممە لە بەرپەرچدانەوە و تەقاندنەوەی ئەو مووشەکانەی ئێران ئاراستەی ئیسرائیلی کردبوون، بەشدار بووە.
ئەم بەرپرسە ڕوونی کردەوە کە هاوکاریی واشنگتۆن و تێلاڤیڤ تەنیا لە کەرتی بەرگریدا بووە و ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی بۆردومانەکەی بەرەبەیانیی دووشەممە لە نێوخۆی ئێراندا هیچ بەشدارییەکی نەبووە.
هاوكات ئەفسەرێکی باڵای ئیسرائیلی ڕایگەیاند، هێرشەکان بەبێ هیچ یارمەتییەکی ئەمریکا ئەنجام دراون و هێزەکانی ئەمریکا تەنیا یەکێک لەو ١١ مووشەکەی ئێرانیان تەقاندووەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، "ئەیال زەمیر" فەرماندەی ئەرتەشی ئیسرائیل، لەم پێناوەدا سێ جار لەگەڵ "برەد کوپێر" فەرماندەی سێنتکام وتووێژی کردووە.
دەفرین ئاماژەی بەوەش کرد، تاران بەم هێرشە مووشەکییە ئاگربەستی دوو مانگەی پێشێل کردووە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئیدیعای ئێران بۆ وڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر زاحیە جێی قەبووڵکران نییە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنیا دەیانەوێت بە دروستکردنی ئاڵۆزی و کات کوشتن، لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی فەرمی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا خۆ بدزنەوە.