کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی هاوبەشی حیزبی دێموکرات و یەکێتیی لاوان لەگەڵ حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان کۆبوونەوە

16:46 - 18 جۆزەردان 2726

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی جۆزەردان، شاندێکی هاوبەشی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری بێرلین لەگەڵ بەرپرسانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (SPD) کۆبوونەوە.

لە سەرەتادا، "فیلیپ فینک" بەرپرسی سکرتاریای نێونەتەوەیی و "ئانا پاولین برێها" بەرپرسی یەکێتیی لاوانی سۆسیال دێموکرات، تیشکیان خستە سەر مەترسییەکانی بەرفراوانبوونی شەڕی ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا و بڕینی ئینتێرنێت لە نێوخۆی وڵاتدا.

دواتر نوێنەرانی حیزبی دێموکرات سیاسەتی شەڕخوازانەی کۆماری ئیسلامییان لە ناوچەکەدا مەحکووم کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم ڕێژیمە تەنیا لە ڕێگەی سەرکوت، شەڕ و تێرۆرەوە دەتوانێت مانەوەی خۆی بپارێزێت.

هاوکات نوێنەرانی یەکێتیی لاوان باسیان لە هێرشە دڕندانەکانی ڕێژیم دژ بە خەڵکی کوردستان کرد و ئاماژەیان بە زیاتر لە ٢٠٠ هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپی پەنابەران و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کرد؛ لەم پێوەندییەدا داوایان لە حکومەتی ئاڵمان کرد لە ئاست ئەم جینایەتانەدا بێدەنگ نەبێت.

لە کۆتاییدا، بەرپرسانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان وێڕای گرنگ نرخاندنی ئەم دیدارە، جەختیان لەسەر بەردەوامیی پشتگیریکردنی خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەی کورد کردەوە.