کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی ناوادەی هەڵکەوت عەزیز, میدیاکاری دیاری کوردستان

22:36 - 18 جۆزەردان 2726

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هەڵکەوت عەزیز، میدیاکاری دڵسۆز، متمانەپێکراو و لێهاتووی تۆڕی میدیایی ڕووداو بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە ڕێگای بەسرە، گیانی لەدەست دا.
هەڵکەوت عەزیز بەرپرسی ئۆفیسی ڕووداو لە بەغدا بوو.
ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩ لە شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان بوو.
هەڵکەوت عەزیز ڕۆژنامەوانێکی پڕۆفێشناڵ، خەمخۆری خەڵکی کوردستان و کەسێکی نیشتمانپەروەر بوو.
نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ناوبراو لەگەڵ هاوکارێکی خۆی بە ناوی هەڵکەوت مستەفا بە مەبەستی ئامادەکردنی دێکۆمێنتێک بەرەو بەسرە بەرێ دەکەون کە بەداخەوە لە ڕێگادا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن.
لەم ڕووداوەدا بارهەڵگرێک خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەدات، هەڵکەوت عەزیز بریندار دەبێت و بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە، بەداخەوە گیانی لەدەست دەدات.
گیانلەدەستدانی ناوبراو بێگومان خەساریکی گەورە بۆ بواری میدیا و ڕۆژنامەوانیی پیشەیی لە کوردستانە.
بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ گیانلەدەستدانی ڕۆژنامەوان و هاوپیشەی بەڕێزمان کاک هەڵکەوت عەزیز، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی هاوڕێ و هاوکارانی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو، هاوپیشەکانی لە بواری ڕۆژنامەوانی و هەروەها بنەماڵەی بەڕێزی دەکەین و هیوای سەبوورییان بۆ دەخوازین.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی