فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٨ی جۆزەردان، هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو کەشتییەکی نەوتهەڵگریان بە ناوی "M/T Lexie" بە ئاڵای وڵاتی بۆتسواناوە پەکخستووە، ئەمە دوای ئەوە بووە کە خەدەمەی کەشتییەکە لە کاتی ڕۆیشتنیان بەرەو دوورگەی "خارک"ی ئێران، فەرمانی ڕاگرتنیان پشتگوێ خستبوو.
سێنتکام لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە: "خەدەمەی کەشتییەکە چەندین هۆشداریی لەدوای یەکیان پشتگوێ خست و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەندین جار پێبەندی ڕێنماییەکانی هێزەکانی ئەمریکا نەبوون."
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئەمریکا، مووشەکێکی جۆری "هێڵفایێر" ئاراستەی ماتۆڕخانەی ئەو نەوتهەڵگرە بەتاڵە کراوە و بەهۆیەوە پەکخراوە.
ئەم ڕووداوە نوێترین ڕێکاری جێبەجێکردنی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێرانە کە لە ١٣ی ئاوریلەوە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هاوكات، سێنتکام ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە ماوەی ئاگربەستدا لەگەڵ ئێران، هێزەکانی ئەمریکا ڕێڕەوی ١٢٢ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و ٦ کەشتیی تریشیان بە تەواوی پەکخستووە.