"بێنیامین نێتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگە نادات دوژمنان هاوکێشەی ئەمنییەتی وڵاتەکەی دیاری بکەن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا لە هەمیشە لاوازترن و جەختی کردەوە کە ململانێکان هێشتا کۆتایییان نەهاتووە.
نێتانیاهوو تاران و حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد کە ویستوویانە هاوکێشەیەکی نوێی قەبووڵنەکراو بسەپێنن. ئەم گرژییە دوای ئەوە بوو کە ئێران بە ئیدیعای پێشێلکردنی ئاگربەستی ١٩ی خاکەلێوە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە زاحیە، هێرشی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل.
نێتانیاهوو وتی، لە وڵامدا فەرمانی بە ئەرتەش کردووە بنکە سەربازی و ئابوورییەکانی ئێران بۆردومان بکەن و هۆشداری دا ئەگەر تاران دووبارە هێرش بکاتەوە، وڵامیان بە "تەواوی هێزەوە" دەبێت.
هاوکات، "یێسرائیل کاتس" وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا، هەر هێرشێک بۆ سەر باکوور، بە لێدانی زاحیەی بەیرووت وڵام دەدرێتەوە.
ناوبراو زیادی کرد: "هەر چەشنە هەوڵێکی ئێران بۆ گرێدانی بەرەی لوبنان و ئێران و هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، ڕووبەڕووی پەرچەکردارێکی زۆر بەهێز دەبێتەوە؛ ڕێک بەو شێوەیەی کە دوێنێ ڕووی دا."