کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووسی داوای دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانس دەکات

09:04 - 19 جۆزەردان 2726

"ڕافائێل گرووسی"، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە یەکەم ڕۆژی کۆبوونەوەی وەرزیی شۆرای حوکامدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە دووبارە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێگە بە پشکنینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بداتەوە کە ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کرابوون.

ئەم داوایە لەکاتێکدایە کە تاران هێشتا هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕێژەی %٦٠ بە ئاژانس نەداوە.

گرووسی ئاشکرای کرد کە کاناڵە پەیوەندییە فەرمییەکان بە تەواوی پچڕاون و ڕایگەیاند: "تاکەڕێگە، ملدانی ئێرانە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکادا."

هاوکات، واشنگتۆن بە پشتگیریی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە هەوڵی پەسندکردنی بڕیارنامەیەکی توند بۆ ناچارکردنی تاران بە پێشکەشکردنی زانیاریی دەستبەجێیە.

لە بەرامبەردا، "ئیسماعیل بەقایی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، گرووسیی بە لایەنگری تۆمەتبار کرد و وتی تاران بۆ هەر پێشهاتێک ئامادەیە و نوێنەرایەتیی ئێرانیش هۆشداریی دا کە گوشار، دۆخی دیپلۆماتیک تێک دەدات.