کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران بە تێکدانی ئەمنییەتی دەریایی هەڕەشە لە هێڵە بازرگانییەکانی جیهان دەکات

09:17 - 19 جۆزەردان 2726

لە درێژەی سیاسەتە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، "ئیسماعیل قائانی" فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران، ڕۆژی دووشەممە پەردەی لەسەر پلانێک بۆ دروستکردنی "پشتێنی ئەمنییەتیی موقاومەت" لادا، کە لە گەرووی هۆرمۆزەوە تا گەرووی بابولمەندەب درێژ دەبێتەوە.

قائانی ستایشی هێرشە مووشەکییەکانی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەنی بۆ سەر ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند کە گرووپە بەکرێگیراوەکانی تری سەر بە تاران ئامادەن لە کاتی پێویستدا بێنە ناو ئەم ئاژاوەگێڕییە نوێیەوە.

ئەم لێدوانانە جارێکی تر سەلماندیان کە کۆماری ئیسلامی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە وەک ئامرازێک بۆ شەڕی نیابەتی و تێکدانی سەقامگیری بەکار دەهێنێت.

فەرماندەی هێزی قودس بە زمانێکی هەڕەشەئامێز هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و وتی: "شەڕکەرانی بێسنوور بەسەر ڕێڕەوەکانی ئێوەدا زاڵن و گەرووتان دەگوشن."

ئەم لێدوانە شەڕەنگێزانە لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاران بە تێکدەری سەرەکیی ئەمنییەتی ئابووریی جیهان دەزانێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەرتەشی ئیسرائیل تەقاندنەوەی مووشەکێکی تری حوسییەکانی پشتڕاست کردەوە کە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرابوو.