کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە سەراوڵە

09:31 - 19 جۆزەردان 2726

لە درێژەی سەرکوتی سیستماتیک و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاونیشتمانیان لە کوردستان، مێرمنداڵێکی خەڵکی سەراوڵە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی جۆزەردان، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی "ئاروین حوسێنی"، خەڵکی شاری "سەراوڵە"ی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

کوردپا جەختی کردەوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەبێ  بەڵگەی یاسایی ئەم مێرمنداڵە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئاروین حوسێنی لەبەر دەستدا نییە.

ئەم دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەیە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوو و لەدوای دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، پێشێلکردنی بەرچاوی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە.