دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی سەرکوت و سەپاندنی سزای قورس بەسەر چالاکوانان و هاووڵاتییانی کورددا، سزای بەندکرانی بەسەر دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری قووچان و بۆکاندا سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، "ڕەزا بەبرنژاد" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی قووچان و برای "مێهدی بەبرنژاد"، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی قووچانەوە، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبەکانی دژبەری نیزام" ٥ ساڵ و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
دادگای قووچان بڕیاری داوە کە ٤ ساڵ و ٦ مانگ لەم سزایە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بخرێتە دۆخی هەڵپەسێردراوەوە.
لەلایەکی دیکەوە، "ڕەسووڵ یادیار" هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای ٩ ساڵ بەندکران و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵاتی بەسەردا سەپا.
ناوبراو پێشتر پاش پێنج مانگ دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەی توند کە بووە هۆی شکانی ددانەکانی و برینداربوونی شەویلکە و لووتی، بە بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.