یەکیەتیی ئورووپا وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەڕەشەکانی تاران بۆ سەر ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هۆرمۆزدا، ڕۆژی دووشەممە زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر فەرماندەیی هێزی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە پارێزگای هۆرمۆزگان و دوو بەرپرسی باڵای تاراندا سەپاند.
بەپێی بەیاننامەی فەرمیی ئورووپا، فەرماندەیی هێزی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە پارێزگای هۆرمۆزگان، وێڕای "محەممەد ئەکبەرزادە" جێگری سیاسیی فەرماندەی هێزی دەریایی سپا و "حەمید حوسێنی" نوێنەری یەکیەتیی هەناردەکارانی نەوت و گاز، خراونەتە لیستی ڕەشی سزاکانەوە.
ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییە لە اتێکدایە کە کۆمەڵگەی جیهانی، تاران بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی دەریایی و تێکدانی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە دەزانێت کە چەندین جار ئەمنییەتی ئاویی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
لە بەرامبەردا، "کازم غەریبئابادی" جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس، سزاکانی بە کردەوەیەکی دووڕووانە ناو برد و بە شێوەیەکی چەواشەکارانە ئیدیعای کرد کە ڕەفتاری ئەوان لە گەرووی هۆرمۆزدا لەسەر بنەمای "پەڕینەوەی بێخەسار" و یاسای نێودەوڵەتییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران هیچ بەهایەک بۆ ئەم بڕیارە سیاسییەی یەکیەتیی ئورووپا دانانێت و پاشەکشە لە ستراتێژییەکانی ناکات.
ئەم کاردانەوە توندەی تاران و پشتگوێخستنی سزاکان پیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی هێشتا لەسەر ستراتێژیی کێشەنانەوە و بارمتەگرتنی ئەمنییەتی دەریایی بەردەوامە.