کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕ لەژێر تینی گرانیدا؛ هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێران٥٠ لەسەدی تێپەڕاند

11:24 - 19 جۆزەردان 2726

ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی ئامار و بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، ڕاستییەکی تاڵ و حاشاهەڵنەگر دەسەلمێنن؛ گرانی و هەڵاوسان گەیشتووەتە لووتکە و سفره و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی تەواو شەکەت و خاڵی کردووە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەم دوو ناوەندە فەرمییە، هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێران سنووری ٥٠ لەسەدی بەزاندووە و تەنانەت لە ناوچە گوندنشینەکاندا گەیشتووەتە نزیکەی ٥٨ لەسەد. ئەم بازدانە ترسناکەی نرخەکان، تەنیا ژمارەی وشکی ئاماری نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو شەپۆلە گرانییە کەموێنەیەیە کە خەڵک لە کاتی کڕینی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی بژێویدا، بە گۆشت و پێستیانەوە هەستی پێدەکەن و هێزی کڕینی لێ بڕیون.

تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا (مانگی بانەمەڕ)، نرخەکان نزیکەی ٩ لەسەد بەرز بوونەتەوە؛ ئەمەش یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکانی هەڵاوسانی مانگانە لە چەند دەیەی ڕابردوودا.

کارناسان هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە ئاڵۆزە ئابوورییە نیشانەیە بۆ بەردەوامیی گرانیی توندتر لە مانگەکانی داهاتوودا. ئێستا باجەکەی تەنیا هاووڵاتییانی کەمداهات دەیدەن، کە لە ژێر باری قورسی بژێویدا پشتیان چەماوەتەوە و ئاسۆیەکی ڕوونیش بۆ چاکبوونەوەی دۆخەکە بەدی ناکرێت.