کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنس: ئەمریکا ناچێتە نێو شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێراندا

11:38 - 19 جۆزەردان 2726

جی.دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ ڕێگە نادات شەڕی لەگەڵ ئێران ببێتە "زۆنگاوێک" و ساڵانێکی درێژ بخایەنێت، بەڵام جەختیشی کردەوە ئەگەر بابەتی دیپلۆماسی شکست بهێنێت، بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە.

وێنس ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا لە ئێران وەک شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستانی لێ نایەت و تاران خۆیشی مەیلی درێژەکێشانی ئەم شەڕەی نییە.

 ناوبراو وتیشی ترامپ بڕوای وایە دەکرێت بگەڕێن بەدوای ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران کە سیستەمێکی چاودێریی توندی هەبێت.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدا دێن کە دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و وڵامدانەوەی تێلاڤیڤ، دواجار دوێنێ دووشەممە هەردوولا ئاگربەستیان ڕاگەیاند؛ هەرچەندە هۆشداریی توندیان داوە کە ئەگەر هێرشەکان دەست پێبکەنەوە، شەڕیش دەست پێدەکاتەوە.