کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنس: ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ڕەنگە چەند حەفتە یان چەند مانگێکی پێ بچێت

09:54 - 20 جۆزەردان 2726

جەی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر نزیک بووەتەوە، بەڵام ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ڕەنگە چەند حەفتە یان چەند مانگێکی پێ بچێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕێککەوتنە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن چارەسەر دەکات، بە شێوازێک کە لە داهاتوودا دڵنیایی بدات کە ئێران ناگاتە چەکی ئەتۆمی.

وێنس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی (CBS) کە پێش ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا لە باشووری ئێران ئەنجام درابوو وتی: ''ڕێککەوتنەکە بێگومان دەکرێت پێش هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی مانگی نۆڤامبر بەدەست بێت؛ بەڵام ئەگەری هەیە حەفتەی داهاتوو یان چەند مانگێکی دیکە بخایەنێت.''

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ کاتێکی کورتتری بۆ ئەم بابەتە دیاری کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە دانوستانەکان لە ''قۆناغەکانی کۆتاییدان'' و ڕەنگە لە ماوەی چەبد ڕۆژی دیکە بگەنە ئەنجام.

 ترامپ تەنانەت لە کاتی هێرشەکەی ئەمریکاشدا دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی زۆر باش لەئارادایە.