کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەبەری جووتیاران لەهەمبەر گرانیی پێداویستییە کشتوکاڵییەکاندا

10:13 - 20 جۆزەردان 2726

قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسەتە وێرانکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان و بژێوی خەڵکی کەمداهاتی وڵاتەکە و بە تایبەتی ناوچەکانی کوردستانی بەرەو لێواری داڕمان بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرپرسانی ڕێژیم بە بیانووی بێبنەمای وەک گەمارۆدانی چەند پێترۆشیمییەک، هەوڵی شاردنەوەی قەیرانەکان دەدەن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، نرخی پێداویستییەکانی کشتوکاڵ بە شێوەیەکی بێوێنە هەڵکشاوە.

ئەم گرانییە پشتی جووتیارانی گوندەکانی کوردستانی چەماندووەتەوە؛ نرخی تراکتۆرێک کە بەرهەمی نێوخۆییە لە ٢ میلیاردەوە بووەتە ٤ میلیارد تمەن.

پێداویستییەکانی دیکەی وەک ڕۆنی ٢٠ لیتریی تراکتۆر لە ٣ میلیۆنەوە گەیشتووەتە ٧ میلیۆن، یەک لیتر دەرمانی قڕکەر لە  ٧٠٠ هەزارەوە بۆ ٣ میلیۆن و هەر تۆپێکی بەنی بەستەبەندی بۆ ٨ میلیۆن تمەن بەرز بووەتەوە.

ئەم دۆخە نەک هەر جووتیارانی لە تەنگانە خستووە، بەڵکوو هێزی کڕینی لە خەڵکی شارەکانیش بڕیوە. لەپاڵ ئەم گرانبوونه تاقەتپڕووکێنەدا، ڕێژەی بێکاری بە شێوەیەکی مەترسیدار ڕووی لە زیادبوون کردووە و خەڵکی گوندەکان لە نێوان بێکاری و نەداریدا ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار بوونەتەوە.