لە درێژەی سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی دژی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، "مەولەوی عەبدولعەزیز عومەر زێهی"، مامۆستای پێشووی قوتابخانەی ئاینیی مەککیی زاهێدان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە بێڕێزییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی "حاڵ وەش"، شەوی سێشەممە ١٩ی جۆزەردان، مەولەوی عەبدولعەزیز عومەر زێهی لە کاتی گەڕانەوە لە مزگەوتی مەککی، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ئەم زانا سوننەیە کە پێشتریش دوای کارەساتی "هەینیی خوێناوی" زاهێدان دەسبەسەر کرابوو، تەنیا بەهۆی ڕەخنە و داکۆکیکردن لە مافی گەلەکەی کەوتووەتە بەر ڕقی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم.
ڕێژیمی تاران لە ڕێگەی گرتنی ناڕەوا، قەدەغەکردنی وانەوتنەوە و بێسەروشوێنکردنی چالاکوانان، دەیەوێت کۆنتڕۆڵی بارودۆخی ئایینی و کۆمەڵایەتیی بەلووچستان بکات و دەنگی مامۆستا و وتاربێژە سەربەخۆکان کپ بکات.