کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، زیاتر لە ٩٠٠ چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون

09:32 - 11 جۆزەردان 2726

سەڕەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران، پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان بەردەوامن و و لەکاتی واژۆکردنی ئەو ئاگربەستەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٩٠٠ چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون.

هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) ڕایگەیاند کە لە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، زیاتر لە ٩٠٠ چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان کوژراون و هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل قەڵای ستراتێژیی "بۆفۆرت"ی کۆنترۆڵ کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، هێزەکانیان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە هێرشی توندیان کردووەتە سەر ژێرخانە جۆراوجۆرەکانی حیزبوڵڵا لە شاری "سوور" و ناوچەکانی دیکەی باشووری لوبنان.

ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە هاوشانی چڕکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانیان لە زنجیرەچیاکانی دەوروبەری قەڵای بۆفۆرت، کۆگاكانی چەک و تەقەمەنی، بارەگاکانی فەرماندەیی و چەندین پێگەی دیکەی ئەم ڕێکخراوەیان بۆردومان کردووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئەو ناوەند و دامەزراوانەی کراونەتە ئامانج، لەلایەن حیزبوڵڵاوە بۆ ڕێکخستن و جێبەجێکردنی پلانە هێرشبەرییەکان دژی هێزەکانی ئیسرائیل بەکار دەهێنران.