کەمپەینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ١٢٤ـەمین حەفتەی چالاکییەکانی، ڕایگەیاند کە بەهۆی مانگرتن لە خواردنی بەندکراوان، کەمپەینەکەیان بۆ ٥٦ زیندانی جیاوازی ئێران پەرەی سەندووە.
ئەم کەمپەینە وێڕای مەحکومکردنی شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان، پشتگیریی خۆی بۆ خۆپیشاندانی قوتابییانی ئازادیخواز دژی نادادپەروەریی فێرکاری دەربڕی.
بەپێی بەیاننامەکە، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە تا ئێستا لانیکەم ٤٩ کەسی لە سێدارە داوە.
هەروەها سزای لەسێدارەدانی بەندکراوی سیاسی "یەعقووب درەخشان" لە زیندانی لاکانی ڕەشت پشتڕاست کراوەتەوە و بۆ سێ بەندکراوی تری سیاسی بە ناوەکانی "یاسین شەبەخش، حەسەن مۆسەلاوی و عەلی کەماڵی" سزای مەرگ دەرچووە. هاوکات چوار بەندکراوی تری سیاسی لە زیندانی شەیبانی ئەهواز لەژێر مەترسیی دەستبەجێی جێبەجێکردنی سزاکانیاندان.
کەمپەینەکە جەختی کردووەتەوە کە ئازادی و دادپەروەری لە ڕێگەی سێدارە و سەندنەوەی مافی ژیان بەدەست نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤەوە دەبێت؛ بۆیە داوای لە سەرجەم چین و توێژەکان کردووە دژی ئەم سزادانە زاڵمانە و نامرۆڤانەیەی دەسەڵاتی سەرکوتکار دەنگ هەڵبڕن.