کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: سیستمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و ناوەندەکانی فەرماندەیی دڕۆنیی ئێران کرانە ئامانج

09:37 - 21 جۆزەردان 2726

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، کە هێزە دەریایی، ئاسمانی و زەوینییەکانی ئەمریکا بە مووشەکی ورد و پێشکەوتوو، هێرشێکی بەربڵاوی "بەرگری لەخۆ"یان دژی چەندین ئامانجی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باشووری ئەو وڵاتە ئەنجام داوە، کە ببوونە مەترسی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی دروستبوونی چەندین تەقینەوەی گەورە لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری ئەو وڵاتە؛ بەشێوەیەک دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری فڕۆکەخانە و پێگەی ئاسمانیی بەندەرعەباس و دوورگەی قێشم بیستراوە.

هاوکات لەلایەکی ترەوە پێگەی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی لە شاری بەندەریی سیریک پێکراوە.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە سەرجەم ئەو شوێنانەی لە باشووری ئێران کراونەتە ئامانج، ژێرخانە سەربازییەکانی وەک سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، ڕادارەکان، ناوەندەکانی پەیوەندی و یەکەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی دڕۆنەکان بوون.

هەروەها هەواڵدەریی "مێهر"ی سەر بە ڕێژیم جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە کاتی هێرشەکاندا، پێکدادان و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی کەنداو دا ڕووی داوە.

سێنتکام لە کۆتاییدا هۆشداری داوە کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ وڵامدانەوەی هەر "دەستدرێژییەکی بێ پاساو"ی تاران لەوپەڕی ئامادەییدان.