"کیت کلوگ"، ژێنراڵی خانەنشینکراوی ئەمریکا پاش زنجیرەیەک هێرشی سەربازیی چڕی وڵاتەکەی لە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممەدا، داوای لە دەسەڵاتدارانی واشنگتۆن کرد کە چیتر کات بەفیڕۆ نەدەن و "کارەکە لە نێوخۆی ئێراندا تەواو بکەن".
کلوگ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"، هۆشداریی دا لە درێژەکێشانی ئەم شەڕە و ڕایگەیاند کە پێویستە ئەمریکا هێزێکی سەربازیی گەورە و بەربڵاو بۆ کۆتاییهێنان بەم تەنگژەیە بەکار بهێنێت.
ناوبراو وتی: "من گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت پێیان بڵێین: کارمان لەگەڵتان کۆتایی پێهات؛ ئێمە دێینە ژوورەوە و کارەکە تەواو دەکەین."
کلوگ جەختی لەوەش کردەوە کە شەڕی درێژخایەن شێوازی ئەمریکا نییە و پێویستە هاوشێوەی شەڕی جیهانیی یەکەم و دووەم، توانای دوژمن بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ بە تەواوی "لەنێو ببرێت" تا ناچار بن بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
ئەم لێدوانە توندانەی ئەم ژێنراڵە کۆنەکارە لەکاتێکدا دێن کە سێنتکام ڕایگەیاندووە هێزەکانیان چەندین پێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و ناوەندی فەرماندەیی دڕۆنەکانیان لە نێوخۆی ئێراندا پێکاوە.
هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش هۆشداری داوە ئەگەر تاران مەرجەکانی واشنگتۆن قەبووڵ نەکات، هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ژێرخانی ئێران بە خێرایی پەرە پێدەدەن.