ئامارە فەرمییەکانی خودی بانکی ناوەندیی ئێران پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەدەن؛ ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی بانەمەڕی ڕابردوودا گەیشتووەتە سەرووی ٧٧٪.
ئەم ژمارە ترسناکە بە زمانی بازاڕ واتە: خێزانەکان بۆ کڕینی هەمان پێداویستی و کاڵای ساڵی ڕابردوویان، ناچار بوون نزیکەی دوو بەرابەر زیاتر پارە بدەن.
هاوکات لەگەڵ ئەم داڕمانە، تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە شارەکاندا بە شێوەیەکی کتوپڕ ٨.٥٪ بازدانی بەخۆیەوە بینیوە و ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەش گەیشتووەتە نێزیکەی ٥٤٪، کە ئەمەش بارگرانییەکی تاقەتپڕوکێنە لەسەر شانی چینە کەمداهاتەکان.
ئەم تەقینەوەی سەرانسەرییەی نرخەکان، ڕێک سێ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پەرەی سەند؛ کاتێک کە ناوەندە داراییەکان پێشتر هۆشدارییان لەسەر بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەکان دابوو.
ئامارەکانی پێشوو نیشانی دەدەن کە پێوەری تێچووی خەڵک لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام لە هەڵکشاندابووە، بەڵام گەیشتنی هەڵاوسان بە سەرووی ٧٧٪ لەم مانگەدا، هێمایەکی ڕوونە لە داڕمانی تەواوەتیی توانای کڕینی هاووڵاتییان و سەرهەڵدانی قەیرانێکی بێوێنەی بژێوی لە ژێر سێبەری سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران.