کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەرووسی: گواستنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوە دژوارە بەڵام مەحاڵ نییە

08:42 - 12 جۆزەردان 2726

ڕافائێل گەرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، پێشنیارەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات، "پڕۆسەیەکی دژوارە، بەڵام مەحاڵ نییە".

گەرووسی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاپەڕاندنی ئەم کارە ئاسان نییە، چونکە "ئەم ماددەیە لە شێوەی گازدایە، ڕێژەی پیس‌کردنی ژینگەی زۆر بەرزە و پڕۆسەیەکی سادە نییە".

ناوبراو هاوکات ئاشکرای کرد کە بژاردەی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان، لەوانە "کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکە" بۆ جۆرێک کە هێز و مەترسییەکەی کەمتر بێتەوە؛ بابەتێک کە بە وتەی گەرووسی پێشتریش گفتوگۆی لەسەر کراوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە بەپێی خەمڵاندنەکان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خاوەنی نێزیکەی ٤٤٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدە و دۆناڵد ترامپ وەک مەرجێکی سەرەکی داوای دەرکردنی تەواوی ئەم پاشەکەوتە لە خاکی ئێران دەکات.

گەرووسی جەختی کردەوە کە ئاژانس بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ تاران و واشنگتۆن لە پەیوەندیدایە و ئەرکی سەرەکیی ئەوانیش ئەوەیە کە جێبەجێکردنی ئەم پێشنیارە لە ڕووی کردەیی و تێکنیکییەوە بڕەخسێنن.