کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کەنداو

08:47 - 12 جۆزەردان 2726

کەشتییەکی بارهەڵگر لە ئاوەکانی کەنداودا، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری "ئوم قەسر"ی عێراق، کرایە ئامانجی دوو تەقینەوەی بەهێز و سپای پاسدارانیش بە فەرمی بەرپرسیارەتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

ڕێکخراوی بازرگانیی دەریاییی بەریتانیا (UKMTO) و هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایانگەیاند کە کەشتییەکە بەهۆی پێكانی کتوپڕی هاوێژراوێکی نەناسراو و دڕۆنەوە تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

پاش کەمێک، سپای پاسداران ڕایگەیاند کە بە مووشەکی کرووز  ئەو کەشتیەیی پێکاوە.

ڕێژیمی ئێران ئەم هێرشەی وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کەشتیی ئێرانیی "لیان ستار" لە دەریای عۆمان ناو بردووە.

سپای پاسداران لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە کەشتییەکە سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلە؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەم کەشتییە سەر بە شیرکەتی گواستنەوەی دەریاییی مێدیتەرانەیە (MSC) کە کۆمپانیایەکی تایبەتی گەورەی ئیتالیایە.