کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات دەنگۆی ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێرانی ڕەت کردەوە

09:30 - 23 جۆزەردان 2726

دەوڵەتی ئیمارات ڕۆژی هەینی بە فەرمی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت کردەوە کە باسیان لە ئازادکردن یان گواستنەوەی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە چوارچێوەی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لایەن دەکرد.

وزارتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئیدیعاکانی تایبەت بە "ئازادکردن، ناردن یان گواستنەوەی" داراییە بلۆکەکراوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی ڕەت دەکاتەوە.

ئەم وەزارەتخانەیە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەنگۆیانە "دوورن لە ڕاستییەوە و پشت بە چەند زانیاری و سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو نابەستن."

ئەم بەیاننامەیەی ئەبووزەبی دوای ئەوە هات کە پێشتر لە میدیاکاندا زانیاری بڵاو کرابووەوە کە گوایە ئیمارات چەندین میلیارد دۆلاری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا ڕادەستی ئێران کردووە.

بەرپرسانی ئیمارات ڕایانگەیاندووە کە ئەوان لە چوارچێوەی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا، تەنیا پشتگیری لە سەقامگیریی ناوچەکە و هەوڵەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەن، نەک پێشێلکردنی گەمارۆ داراییەکان.