کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی "چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکان" بەرانبەر ئەندامەتیی ئێران لە کۆمیتەی بەرنامەڕێژی نەتەوە یەکگرتووەکاندا

12:50 - 21 خەزەڵوەر 2726

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە دەنگدانێکی نهێنیدا و بە ١٤٤ دەنگی ئەرێنی، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەک ئەندامی "کۆمیتەی بەرنامەڕێژی و هاواهەنگی" هەڵبژارد؛ هەنگاوێک کە ناڕەزایەتیی توندی ناوەندە مافپەروەرەکان و ژمارەیەک لە وڵاتانی دێموکراتیکی لێ کەوتەوە.

ئەم کۆمیتەیە ئەرکی داڕشتن و هاواهەنگکردنی کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێداچوونەوەی بە پێشینەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە بوارە هەستیارەکانی وەک "مافی مرۆڤ، مافی ژنان، داماڵینی چەک و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمدا هەیە."

ئەو هەوڵبژاردنە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ئاستی جیهاندا وەک پێشێلکاری سەرەکیی مافی مرۆڤ، سەرکوتکەری سیستماتیکی مافی ژنان، هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر پرۆسەی داماڵینی چەک و گەورەترین پشتیوانی دەوڵەتیی تێرۆریزم دەناسرێت.

لە کاردانەوە بەم بڕیارە، هیلل نوێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی "دیدەبانی نەتەوە یەکگرتووەکان" (UN Watch)، سپاردنی ئەم پۆستە بە کۆماری ئیسلامیی بە "سپاردنی بانکی خوێن بە کۆنت دراکولا" شوبهاند و داوای لە وڵاتانی وەک بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیسپانیا، هۆڵەند، نۆروێژ، فینلاند، سویس، ئۆتریش و ئوسترالیا کرد کە بە ئاشکرا ڕایبگەیەنن لە دەنگدانە نهێنییەکەدا چۆن دەنگیان داوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئانیتا ئاناند، وەزیری دەرەوەی کانادا، بە شێوەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەنگی نەخێری بە ئەندامەتیی ڕێژیمی ئێران داوە.

ناوبراو کۆماری ئیسلامیی بە سەرکوتکردنی نەیاران و تێکدانی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تۆمەتبار کرد و جەختی کردەوە کە کانادا لە پاڵ خەڵکی ئێراندا دەوەستێت.

ڕێکخراوی چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش وێڕای پێشوازیکردن لە هەڵوێستی ڕوونی کانادا، ئاماژەی بەوە دا کە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا تەنیا ئەمریکا دژی بەربژێربوونی ئێران وەستابووەوە و ئێستا پێویستە وڵاتانی دێموکراتیک هەڵوێستی خۆیان لەم بارەیەوە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە.