کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەرایەتیی یەکیەتیی لاوان لە کۆنفڕانسی ساڵانەی یوزۆس

09:17 - 12 جۆزەردان 2726

شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشداریی لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ڕێکخراوی لاوانی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (Jusos) کرد.

ئەو کۆنفڕانسە کە لە کۆتایی مانگی مەی ٢٠٢٦ بەڕێوە چوو، تەوەرێکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد تەرخان کردبوو.

شاندی کچان و کوڕانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ "هاکان دێمیر"، ئەندامی پارلەمانی ئاڵمان، و چەندین وۆرکشۆپی نێودەوڵەتیدا بەشدار بوون. لە ڕۆژی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا، وۆرکشۆپێکی تایبەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک خرا کە تێیدا لەنیا ڕەسوڵی، نوێنەری لاوان، بابەتێکی لەسەر خواست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان پێشکەش کرد.

هاوكات "کەماڵ محێدینی"، بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات، بە وردی باسی لە بارودۆخی سیاسیی ئێران و هێرشە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر کەمپی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

ناوبراو داوای لە ئورووپاییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە چاوپۆشی لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی نەکەن و هەڵوێستی جیددی بگرنەبەر. ئەم بەشدارییە نێودەوڵەتییە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ناساندنی کێشەی کورد و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان ئەژمار کرا.