کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهار کەپرێ دەکەینۆ و هاوین تێکی دەدەینۆ و پاییز ڕێکی دەخەینۆ، بەینۆ بەینۆ بەینۆ...

09:44 - 25 جۆزەردان 2726

دارسمە

ئای لەم گۆرانییە! ئای لەم فۆلکلۆرە دەوڵەمەندە! کاتێک لەسەر کورسییەکەمان دادەنیشین و چایەکی گەرم یان شەربەتێکی ساردمان خواردۆتەوە و دەنگە بەرز و لەرزۆکەکەی هونەرمەندێکی بە زیک و زەردی کەمانچەکەیەوە دەڵێت: "بەینۆ بەینۆ بەینۆ، بەهار کەپرێ دەکەینۆ، پاییز ڕێکی دەخەینۆ"، ئا لێرەدا دەبێت لەسەر کورسییەکەت ڕێک دانیشیت و لە قووڵایی ئەم شاهکارە گۆرانییە تێبگەیت. ئەمە تەنیا میلۆدییەکی سادە نییە بۆ سەمای هەڵپەڕکێی گوندنشینان لێدرابێت، نا! ئەمە فەلسەفەی ژیانە، ئەمە ستراتیژی سیاسییە، ئەمە پڕۆگرامی ئابووریی نەتەوەییە و تەنانەت ستراتیژیی گەرمی - ساردییشی تێدا شاراوەتەوە. وا دەزانن ئێمە گەلێکی دواکەوتووین و لەنێو چیا و دۆڵاندا لە دونیا بێخەبەرین؟ نەخێر، ئێمە خاوەنی "بەینۆ بەینۆ"ین! ئەم گۆرانییە ئەوەندە قووڵە، ئەوەندە پڕ واتا و ڕەمزە، سێبەرەکەی نەک هەر بەسەر تەواوی کوردستاندا، بەڵکوو بەسەر هەموو گۆی زەوییاندا درێژ بووەتەوە. ئێمە لەگەڵ خۆماندا هەموو دونیاشمان بۆ ڕووخاندن و سازکردنەوەی پەیتاپەیتای کەپران قایل کردووە.

هەر کەسێک کەمێک مێشکی لەسەر گۆرانیی کوردی و فۆلکلۆر بێت، یان کەمێک لە ئەدەبیاتی دانوستانی دژبەیەک تێگەیشتبێت، دەزانێت "بەینۆ بەینۆ" کتێبێکی کراوەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێمەیە. نەکەن وا بیر بکەنەوە ئەمە تەنیا بۆ گاڵتە و گۆرانی و کات بەسەربردنە. نا، ئەمە پڕۆگرامی کارە بۆ هەموو گەلان. ئەگەر بە قووڵی لە وشەکان، لە ئاوازە گەرم و ساردەکان، لە دەربڕینەکان و لەو هەناسە درێژەی هونەرمەندەکەمان تێبگەیت، تێز و ئەنتی تێز و سەنتێزی فەیلەسوفە گەورەکان وەک هێگڵیشی تێدایە، بەڵام بە شێوازێکی کوردییانە، پڕ لە ڕەنگ و بۆن و ژیان، و سەرنجڕاکێشتر!

وەکوو نموونە، هەر لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، بەشی ڕۆژهەڵاتمان، یان وەک ئێستا پێی دەڵێن، "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، هەر کە پاشایەتییەکەی ئێران تێک چوو، هەڵمەتی "بەینۆ بەینۆ"یان دەست پێکرد. نوێنەرانی گەل لە بەهارێکی پڕ هیوادا، کەپرێکی گفتوگۆیان لەگەڵ کۆماری تازەپێگەیشتوودا لێدا. ئەوەتا ئێمە نەک هەر گەیشتووینەتە مانگ و زەردەواڵەشمان لەسەر نیشتووە، بەڵکوو لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی کۆمارێکدا، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە چادرمان هەڵداوە. پاشان، بەبێ ئەوەی زۆر کات بڕوات، کەپرەکە بە زرمێک ڕووخێنرا، و وەک بەشێک لە فەلسەفەی "بەینۆ بەینۆ"، ماوەیەکیش لە زستانی بێ‌ئومێدیدا مانەوە. ئیتر ئێستا دوای چەند ساڵێک، جاروبار بە دڕۆن و مووشەک یادی "تێکدانی کەپرەکە" دەکرێتەوە و هێرش دەکرێتە سەرمان، و لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕێکی تاران بە ناوی "رویداد ٢٤" بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لەسەر لاپەڕەکانی دەنووسێت و باس لە "هەوڵەکانی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی" دەکات و چاوەڕێیە لە بەهاری داهاتوودا – ئەگەر بەهارێک بێت و تووشی زریانی سیاسی نەبێت – دیسان کەپرێکی نوێی گفتوگۆ لە نێوان دەسەڵاتی ئێستا یان داهاتوودا دروست بکرێتەوە. ئەمە "بەینۆ بەینۆ"ی نێوان کورد و ئێرانە، وەرز بە وەرز و دەیان ساڵ بە دەیان ساڵ بەردەوامە. پڕۆژەیەکی دڵخۆشکەر!

ئەمە تەنیا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە! کەپری "بەینۆ بەینۆ" لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، وەک هەڵپەڕکێیەکی خۆشە و ئەوانیش زۆر جار بە گۆرانیی بەینۆ بەینۆوە، کوردانی باکوور و ئەردۆغان کە هەر جارە و بە قسە خۆشێک دێنە پێشەوە و دواتر خەنجەرێکی تازە دەردەهێنن، تەنانەت لە ڕۆژاوایش لە نێوان کورد و ئەحمەد شەرعیدا بەردەوام هەڵ دەبەسترێت، تێک دەدرێت و دواتر "چاک دەکرێتەوە" (کە زۆربەی کات تەنیا نوێکردنەوەی ناوی کەپرەکەیە و شوێنی چادرەکە دەگۆڕدرێت!). پڕۆژە نیشتمانییەکە ئەوەندە سەرکەوتوو بووە، ئەوەندە کاریگەر بووە، لە نێوخۆدا لە نێوان حیزبە سیاسی و چەکدارەکانی خۆشماندا دووبارە دەبێتەوە.

لە ڕووسیە و ئۆکراین باس لە کەپری "بەینۆ بەینۆ" دەکرێت، بەڵام وادیارە هێشتا تەواو لە فەلسەفەکەی تێنەگەیشتوون و بە باشی کاریان بۆ نەکردووە، بۆیە جەنگەکەیان کۆتایی نایەت و ناتوانن کەپرەکەیان بە جوانی لێ بدەن. تەنانەت ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش لەگەڵ ئەوەی دوژمنی سەرسەختی یەکترن و چاویان بەیەکتر هەڵنایەت، لەنێو گفتوگۆ نهێنییەکانیاندا گۆرانیی "بەینۆ بەینۆ" دەڵێنەوە، هەرچەندە جاروبار دەنگی مووشەک و تۆپبارانیشیان تێکەڵ دەبێت، بەڵام بێگومان ئەوان پەیامی "بەینۆ بەینۆ"یان وەرگرتووە.

پێویستە لێرەدا سپاسێکی زۆر لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا بکەین. چونکە ئەگەر ئەوان لە دانوستانە زەبەلاح و پڕ لە دراماکانیاندا خۆیان بەم شێوەیە نەکردبووایە قوربانیی پۆست مۆدێڕنیزمی "بەینۆ بەینۆ"، ئاوا بە ئاسانی ئەم گۆرانییە نەدەبوو بە پڕۆژەیەکی جیهانی. ئەوان ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە جیهانیکردنی ئەم گۆرانییە فەلسەفییە کوردییە قووڵە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەم "بەینۆ بەینۆ"یە خۆمان دامانناوە و هەر لە خۆمان جوانە. ئێمەی کورد هەموومان لەسەر ئەم گۆرانییە کۆکین، بە هەوایەکی تایبەتەوە هەڵدەپەڕین و بە یەک دەنگ دەڵێین":

بەینۆ بەینۆ بەینۆ،

بەهار کەپرێ دەکەینۆ،

هاوین تێکی دەدەینۆ،

پاییز پاییز ڕێکی دەخەینۆ!"

ئێستاش خەڵکی هەموو پارچە دابەشکراوەکانی کوردستان لەسەر ئەم گۆرانییە جیهانییە دڵخۆشن و شادمان دەژین و لە جیاتی دروستکردنی باڵەخانەیەکی قورس و قایم قۆناغ بە قۆناغ خەریکی کەپرەکەن.