دۆناڵد ترامپ، ڕاپۆرتەکانی میدیاکان سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەگەری ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێرانی ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە تەوەری سەرەکیی ئەم تێگەیشتننامەیە پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمییە.
ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، وێڕای بێبنەما ناوبردنی ڕاپۆرتەکەی کاناڵی "سی ئێن ئێن" نووسی: ''لەم ڕێککەوتنەدا بە ڕوونی و ڕاشکاوانە هاتووە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ بەشێکی هەرە زۆری دەقەکەش بەوردی و بە قورسایی قسە لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ئەم بابەتە دەکات.''
ئەم لێدوانانەی ترامپ دوای ئەوە دێن کە پێشتر کاناڵی "سی بی ئێس" ئاشکرای کردبوو کە واشنگتۆن بۆ سێیەمین جار گۆڕانکاریی بەربڵاو و بەرچاوی لە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە و لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە دەقە نوێیەکەی ناردووە بۆ تاران، بێ ئەوەی هیچ مۆڵەتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهاتنی گفتوگۆکان دەستنیشان بکرێت.