کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: نابێت مافی مرۆڤ لە ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکادا پشتگوێ بخرێت

08:40 - 26 جۆزەردان 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشوازی لە ڕێککەوتنی کۆتاییهاتنی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمریکا کرد، بەڵام هۆشداریی دا کە نابێت پرسی مافی مرۆڤ لە دانوستانەکانی داهاتوودا پەراوێز بخرێت.

ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاند کە لە شەڕی  ٤٠ ڕۆژەی پێشوودا کە لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ــەوە دەستی پێکرد، هەزاران کەس کوژران یان دەسبەسەر کران و ڕێژەی لەسێدارەدانی سیاسی گەیشتە بەرزترین ئاست لە سێ دەیەی ڕابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس بە تۆمەتی وەک سیخوڕی، هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، و بەکارهێنانی ئینتێرنێتی ستارلینک دەسبەسەر کراون. هەروەها لانیکەم ٤٢ بەندکراوی سیاسی و ئەمنی لەم ماوەیەدا لە سێدارە دراون.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دۆخی شەڕی بۆ سەرکوتکردنی نێوخۆیی قۆستووەتەوە. ئەو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدان و ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی بکەنە مەرجی سەرەکی هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا.