کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەفتالی بێنێت: دوای گۆڕینی دەوڵەتی نێتانیاهوو، ڕووخانی ڕێژیمی ئێران خێراتر دەبێت

09:16 - 26 جۆزەردان 2726

نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، لە دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو شەڕە لەلایەن بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە گرت.

بێنێت لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تێلاڤیڤ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند: ''دەورەی دەوڵەتی نێتانیاهوو بە شەڕێکی نێوخۆیی دەستی پێکرد، بە کوشتاری حەوتی ئۆکتۆبەر بەردەوام بوو، و ئێستاش بە شکستێکی مێژوویی لە بەرانبەر ئێراندا کۆتایی دێت.''

ئەم سیاسەتمەدارە ئیسرائیلییە هەروەها وتی، ئەگەر ئەو لە سەرۆکایەتی دەوڵەتدا بووایە، "گەڕانەوە بۆ دۆکترینی ئەمنییەتی شەڕی خێرا، بەهێز و یەکلاکەرەوەکان"ی پێش دەخست، نەک وەک نێتانیاهوو "بۆچوون و بابەتەکان درێژە پێبدات".

بێنێت ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دەوڵەتی ئەودا، ئیسرائیل لەسەر بنەمای "دۆکترینی ئۆختاپووس" ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە؛ بەو مانایە کە "بە دەستێک ڕێگری لە ئەتۆمیبوونی ئێران دەکات، و بە دەستەکەی تریشی بە بەکارهێنانی ئامرازە سیاسی، ئابووری، تێکنەلۆژی و سەربازییەکان، ڕووخانی ئەو ڕێژیمە خێراتر دەکات".