کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زه‌وتکردنی مۆڵکی گشتی و تەقەکردن لە خەڵک لەژێر سێبەری دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمدا

10:32 - 26 جۆزەردان 2726

بەهۆی هێرش و تەقەی چەکدارانی سەر بە ڕێژیم لە گوندێکی سەر بە ورمێ، چوار کەسی مەدەنی بریندار بوون و سپای پاسدارانیش لە جیاتی سزادانی هێرشبەران، ڕایگەیاندووە کە دەستی ئەوان لە هەر کارێکدا کراوەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردان، چەکدارێکی سەر بە ڕێژیم بە ناوی "سەنعان بێ‌غەم" هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕی بە ناوەکانی "سەنار" و "سالار"، بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە بەربینگیان بە خەڵکی گوندێک لە گەلی قاسملوو گرتووە و بە زۆری چەک داوای بەرفراوانکردنی ڕێگای باخەکەیان کردووە.

سەرەڕای هەوڵی شورا و ڕیشسپییانی گوندەکە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی کێشە، ئەم چەکدارانە بە ئامانجی نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی کە سیاسەتی هەمیشەیی دەزگا ئەمنییەکانە، تەقەیان لە خەڵک کردووە و چوار کەسیان بریندار کردووە.

پاش ڕووداوەکە، هێزەکانی ئینتیزامی و ئیتلاعات گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام نەک تەنیا ڕێگرییان لە چەکدارە هێرشبەرەکان نەکردووە، بەڵکوو بەرپرسێکی سپای پاسدارانیش لە وڵامی ناڕەزایەتیی خەڵکدا ڕووهەڵماڵراوانە ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسانە سەر بەوانن و دەستیان ئاوەڵایە.

جێی ئاماژەیە ساڵی ڕابردووش ئەم چەکدارانە بە پاڵپشتیی ئیتلاعات مۆڵکی گشتیی گوندیان داگیر کردبوو، ئێستاش بێ ترس لە یاسا لە نێو خەڵکدا دەسووڕێنەوە.