کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کان: بەهۆی ترامپەوە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەدان ئامانج لە ئێران ڕاگیرا

14:18 - 26 جۆزەردان 2726

کاناڵی "کان"ی ئیسرائیل ئاشکرای کرد عۆمەر تیشلێر، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، لە نامەیەکدا بۆ هێزەکانی ڕایگەیاندووە هێرشێکی بەربڵاو بۆ سەر "سەدان ئامانج" لە نێوخۆی ئێران کە بڕیار بوو حەفتەی ڕابردوو ئەنجام بدرێت، تەنیا کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی و بەهۆی دەستێوەردانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕاگیراوە.

لە نامەکەی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلدا هاتووە: "تەواوی هێزی ئاسمانی بۆ هێرشێکی بەربڵاو ئامادە بوو. تەنیا چەند کاتژمێرێکمان مابوو بۆ دەرکردنی فەرمانی فڕین و لێدانی سەدان بنکە لە ناخی ئێراندا، بەڵام ئۆپراسیۆنەکە لە کاتی کۆبوونەوەی ڕوونکردنەوەی فڕۆکەوانەکاندا کتوپڕ ڕاگیرا."

تیشلێر بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی پێشووی وڵاتەکەی بۆ سەر تاران نووسیویەتی: "هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەریی گۆڕانکارییە جیهانییەکان لەسەر دۆخی ئەمنییەتی، بەڵام ئێمە لە ڕابردوودا گورزی زۆر قورسمان لە سەرکردایەتی، سیستەمەکانی بەرگری، ناوەندە ئەتۆمییەکان، ئابووری، پیشەسازیی سەربازی و زنجیرەی فەرماندەیی تاران داوە."

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە ئەم گورزانە ئاستی هەڕەشەکانی ئێرانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە، پرۆسەی بنیاتنانەوەی هێزەکانی تارانیان درێژخایەن کردووە و لە هەمان کاتدا توانای گەڕانەوە و هێرشکردنەوەی دووبارەی ئیسرائیلیان لە نێوخۆی ئێراندا بە تەواوی پاراستووە.