کەمپینی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" ڕایگەیاند بەندکراوانی ناڕازی، لە ١٢٥ـەمین حەفتەدا لە ٥٦ بەندیخانەی ئێراندا مانیان لە خواردن گرتووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ـەوە پتر لە ١٧٧ بەندکراوی لە سێدارە داوە و پرۆسەکە هێشتا بەردەوامە.
کەمپەینەکە هۆشداریی داوە کە بەندیخانەی قزڵحەسار، کە ئێستا چوار بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی عەلی فەتاح، محەممەد نەقیزادە، عەلی کەماڵی و پەیمان گەنجی تێیدا ڕاگیراون، یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە و وەک "قەتڵگەی حکوومەتی" وەسف دەکرێت کە بەندکراوان تێیدا لەژێر مەترسیی دەستبەجێی لەسێدارەداندان.
ئەم کەمپینە داوای لە سەرجەم ویژدانە بەئاگاکان، چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی، پیشەیی و مافی مرۆڤ کردووە کە بە توندی ئەم سزایە مەحکووم بکەن و بۆ ڕاگرتنی، هەنگاوی جیددی بنێن.
لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە بەدیهاتنی ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ بەبێ مافی ژیان مەحاڵە؛ بۆیە داوا لە هەموو دژبەرانی سێدارە کراوە بۆ تێکشکاندنی پێکهاتەی ستەمکاری و بازنەی سەندنی ژیانی مرۆڤەکان، هاوپشتی و خەباتێکی یەکگرتووانە پیشان بدەن.